الأربعاء، 25 فبراير 2009

Bare gør det... og kys mig .... ده‌ده‌ی ماچم که‌





ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ به‌ زمانی دانیمارکی نووسیومه‌ و له‌ خواره‌وه‌ به‌ زمانی کوردی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌ ، یه‌که‌م ئه‌زمونی نووسینمه‌ به‌زمانی دانیمارکی و له‌ چه‌ند کۆڕێکی ئه‌دیبانی دانیمارکی خوێندومه‌ته‌وه‌ .






Bare gør det... og kys mig

Kys mig
Før tiden ender
Kys mig
For at slutte krigen

Kys mig
For at jeg kan være en flamme mod skyen
Og danse blødt på jorden.

Kys mig
Fordi vi skal lære andre at kysse og tilgive

Kys mig og gør mig glad
Kom med dine røde læber
og smil…smil… smil
fordi når du smiler bliver verden så stille

Kys mig fordi der er nogle, der hader kyssene



ده‌ده‌ی ماچم که‌


ماچم که‌ ...
ماچم که‌ پێش ئه‌وه‌ی کات به‌سه‌ر بچێ
ماچم که‌ ...
ماچم که‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگ کۆتایی پێ بێت
ماچم که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببمه‌ گڕێک به‌ ناو ئاسماندا
و سه‌مایه‌کی نه‌رمانه‌ بم له‌سه‌ر زه‌وی
ماچم که‌ ...
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر فێری ماچ و لێبوردن بکه‌ین
ماچم که‌ و دڵخۆشم که‌ لێوه‌ سوره‌کانتم بۆ بێنه‌ و
پێبکه‌نه‌ .. پێبکه‌نه‌ .. پێبکه‌نه‌
کاتێک تۆ پێئه‌که‌نی جیهان زۆر هێمن ئه‌بێ

ماچم که‌ ...
ماچم که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ که‌س ڕقیان له‌ ماچه‌ !
_____________________________________________

الاثنين، 23 فبراير 2009

نانسی فلوت




پێشکه‌شه‌ به‌و کیژه‌ یاخییه‌ی سه‌ر ڕۆحم.....،
به‌و یاده‌ جوانه‌ی په‌یمانگا.






(1)
باران له‌شێتی ڕه‌شه‌با بکه‌ره‌وه‌ ...
ئه‌م سه‌وزاییه‌ زۆر له‌تینی گڵ ئه‌چێت
وه‌رز له‌دوای وه‌رز پاڵتۆ خۆڵه‌مێشه‌کان له‌خۆت بکه‌ره‌وه ‌و ...
هه‌ناسه‌یه‌ک بۆ په‌پوله‌کانی ته‌مه‌ن هه‌ڵمژه ‌..با ڕه‌شه‌با ئه‌و په‌نجانه‌ت له‌ڕه‌گی ئاودا نه‌توێنێته‌وه‌ ،،
با ئه‌و پرچه ‌زیوییه‌ت له‌گڕی گه‌ردونانه‌ سوتێته‌وه‌ .....
ده‌با تۆ ئه‌و شه‌وگارانه‌ بیت که ‌له ‌پێناوی تۆ
مانگ خۆی ون بکا و ..
تۆ ئه‌و سیما ئازاده‌ و ئازیزه‌ بیت
که‌ خه‌ڵکانی سه‌ر زه‌وی
هه‌زاره‌ها هه‌ڕه‌شه‌نامه‌ی جه‌نگ له‌ پێناوت ببه‌ستن .
(2)

خۆت له ‌دیواره‌کانی هه‌ناسه‌ی ڕه‌شی زستان مه‌نوسێنه‌ و
له‌گه‌ڵ ‌بۆنی خۆر ونبه‌ ،له‌باڵای دارێکی پڕبه‌ر دا بحه‌سێره‌‌‌وه
‌ته‌وژمێک له یاسه‌مینی ‌ماچ ، بۆ شه‌قامه‌ چۆڵه‌کانی خۆشه‌ویستی هه‌ڵکه‌.....،
تۆ....!!
تۆ له‌و ویستگه‌یه‌ی که‌قه‌ت باران ته‌ڕی ناکات چاوه‌ڕێم مه‌که ‌!
تۆ له‌و چیمه‌نه‌ی که‌سپیێتی به‌فر ده‌رونی زه‌ردکردووه‌ مه‌ڕوێره‌وه !
له‌وێ....، لای خۆت،
ناخی دووریت بچه‌قێنه‌ره‌ سه‌ر ڕومه‌تی خاکێکی مه‌ستانه‌له‌وێ.....
به‌ڵکو باوه‌شه‌کانت به‌رخه‌ونێکی دروست بوو بکه‌ونتۆ له‌وێ له‌سه‌ر هێڵه ‌ته‌ریبه‌کانی
ئاسمان به‌زه‌وی وله‌نێو هه‌تیویی مرۆڤه‌کان بۆ ئه‌ڤینداری ..
نزاکانت له ‌ئه‌فسانه‌ ده‌رکه‌و ئومێدێ ببه‌خشه‌ به ‌سه‌راب ..تۆ لای خۆت ...
دڵۆپێ خوێن بپرژێنه‌ بۆ نێو ده‌می شه‌رابخۆرانی پیریی .

(3)
ئه‌مه‌ ژیانێکی نه‌مره‌ له‌ نووسین
خه‌وێکه‌ له‌ گوشینی هه‌سته‌کان

له‌ غوربه‌تا شیعره‌کانم وه‌ک په‌نجه‌ت بێ سازن
له‌ دوریتا هه‌ناسه‌ی ئه‌م سه‌وزاییه‌ی باخم
بێ بۆن و به‌رام ماون
گوڵ له‌ چڵی ناوت دێته‌ سه‌ما
دڕکیش له‌ شه‌رما خۆی بریندار ئه‌کا

مه‌هێڵه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ یاده‌وه‌ری‌ ئه‌و وڵاته‌ی
که‌ فه‌لسه‌فه‌ی ماچ و باوه‌ش تیایدا باو نییه‌
مه‌هێڵه‌ په‌نجه‌کانم بوه‌رێ له‌ به‌سه‌رهاتی بۆنی ئه‌و سوخمه‌ خاکییه‌‌
ئاوێنه‌که‌ت له‌م دورگه‌
نادیاره‌ی ڕوخسارم فڕێمه‌ده‌
له‌ بری ئه‌وه‌ تاقمی مکیاجه‌که‌ت له‌م خه‌راباته‌ به‌جێبهێڵه‌‌
ئه‌مه‌ دانیشتنێکی دوانییه‌
بۆ ڕه‌نگ کردنی نینۆکی ده‌ریا
و له‌ کل کردنی چاوی لم و‌
سوراوکردنی مانگی بێ داڵده‌دانه‌

هه‌ردووکمان به‌ره‌و‌ که‌وتنی یه‌کتری به‌ ڕێکه‌وتین
تۆ کاغه‌زی شێتیی ئه‌و تاراوگانه‌ت بۆ من ده‌نارد
منیش له‌ دڵۆپه‌ شه‌رابێک
ده‌پاڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بمنۆشێ

(4)

ونم بکه‌ له‌ نێو دارستانی به‌هار
مه‌مهێنه‌ره‌وه‌‌ سه‌ر سه‌کۆی ئاوابونی برینه‌کان
ونم بکه‌ له‌ نێو قژی ته‌ڕی باران
له‌گه‌ڵ پیته‌ مه‌سته‌کانی شیعر سڕم بکه‌
با سڕ بم تا ئه‌وپه‌ڕی
به‌رز فڕینی ده‌ست و لێوه‌کان
ونم که‌...
سڕم که‌.... له‌ نێو خوێنی شه‌وانی شه‌وان
دامگیرسێنه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ‌ته‌رمی تاریکی تاریکستان

(5)


چاوه‌کانت پێشبینی ماچی دڵ گوڵێک ده‌که‌ن
هه‌ڵاوی ئه‌و دڵۆپه‌ خوێنانه‌
ژیان ده‌به‌خشنه‌ ئه‌م زه‌ویه‌ به‌رینه‌ی یادگاری
ئه‌وه‌ خه‌ونه‌کانی تۆیه‌
وا زیندانیی باڵنده‌کان ئازاد ده‌کات
پێکه‌نینه‌کانی تۆیه‌
هه‌ره‌س به‌ جه‌لادی ئه‌م وڵاته‌ دێنێ

(6)


قه‌ده‌ره‌کان وه‌ک خۆت جوانن
من ئه‌و قه‌ده‌رانه‌م خۆش ویست
کاتێک .....
ناوه‌کانمان ‌له‌ دیواره‌کانی په‌یمانگا هه‌ڵکوڵیبوو
کاتێک تۆ ئه‌و چرپه‌ گۆرانییه‌ی (داریوش) که‌ له‌گوێی مندا چرپاند
کاتێک ده‌نگی ئه‌و ماچه‌ سووتاوانه‌مان
له‌ ژێرزه‌مینێکی کڵێسایه‌کی ته‌واو نه‌بوو ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و
فریشته‌ی ئاسمانیان خه‌به‌ر ده‌کرده‌وه‌

قه‌ده‌ره‌کان وه‌ک خۆت یاخین
وه‌ک ئه‌و پیاسه‌ دوو به‌ دوووه‌ی ته‌نیایی و ئارامیی
وه‌ک زایه‌ڵه‌ی ئه‌و فلوته‌ شیرینه‌ی‌‌ سه‌ر لێواری تاڵیی
وه‌ک ئه‌و سه‌یرانه‌ تاقانه‌یه‌ی ئه‌و ده‌هره‌
کاتێک من ڕۆحم پڕ ده‌بوو له‌ سه‌ما و
تۆش دڵت پڕ ده‌بوو له‌ چۆپی کێشانی ژیان
..............
........
هاوڕێ نه‌ من پێم ئه‌کرێ له‌و ڕۆژانه‌ پاشگه‌ز بم
نه‌ بۆ تۆش سانا ئه‌بێت قاوه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ ‌به‌ ته‌نیا بخۆیته‌وه‌
_________

*(نانسی فلوت) کیژه‌ هه‌ورێکی هه‌تاهه‌تاییه‌‌ ،که‌ هه‌رگیز له‌یادم ناچێ له‌ باران هۆنراوه‌ی بۆ بنووسم .

ئێسپییه‌ ـــ ساندهۆڵم
دانیمارک
___________________________________________

شه‌وانی کۆپینهاگن



شه‌وانی (کۆپنهاگن) تێر هێمن و ساده‌
په‌رییه‌ ئاسمانییه‌کان خۆیان ده‌نوسێنن
به‌سه‌ر پرده‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی هه‌وا

شه‌وانی (کۆپنهاگن) پڕ هه‌ور و ته‌م
ده‌ریاچه‌ بچوکه‌کان خه‌ونێکن
پڕن له‌ هه‌ناسه‌ی ڕێبواران

شه‌وانی (کۆپنهاگن) ....
دڵێکه‌ له‌ شێوازی خه‌ون
ڕیتمێکه‌ له‌ جیاوزی
له‌ کۆڵانه‌کانی....
له‌ مه‌یدانه‌کانی...
له‌ جاده‌ی پیاده‌کانی...
له ‌لای په‌یکه‌ری نوسه‌ر و شۆڕشگێڕانه‌کانی...
له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و
له‌ حه‌وشه‌ی که‌نیسه‌کانی....
ته‌واوی خه‌ڵک له‌ گه‌ڵ ته‌م بونه‌ته‌ عاشق
باوه‌شیان بۆ بارانی یه‌کدی کردۆته‌وه‌ و
هۆگری چریکه‌ی یه‌ک بروسکه‌ی ماچن.

09/02/2008
بێلا هۆی ـ کۆپنهاگن